وتاری سەرۆک ترامپ دوای تەقەکردن لە خوانەکەی پەیامنێران لە کۆشکی سپی

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای ئەوەی ئێوارە خوانەکەی پەیامنێرانی لە واشنتن بە هۆی ڕووداوێکی تەقەکردنەوە بەجێهێشت، وتارێکی سەبارەت بەو ڕووداوە پێشکەش کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا کە کەمتر لە کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە هات، ئاماژەی بەوەدا کە تەقەکەرەکە لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی لە پۆلیسێک کردووە، بەڵام پۆلیسەکە کە جلیقەی دژە گولەی لەبەردا بووە، هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.

هەروەها دۆناڵد ترامپ وێنەی تەقەکەرەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث بڵاوکردەوە لەکاتێکدا لەلایەن پۆلیسەکانەوە دەستگیرکراوە و لەسەر زەوی پاڵکەوتووە.

ترامپ وتی تەقەکەرەکە "پیاوێکی نەخۆشە و خەڵکی کالیفۆرنیایە" بەڵام وتی کە لێکۆڵینەوەکان لەسەری هێشتا بەردەوامن.دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند تۆمەتبارەکە چەندین چەکی هەبووە.

سەرۆک ترامپ وتی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی شەوێک بوو کە یەکڕیزی نێوان ڕۆژنامەنووسان و هەردوو لایەنی سیاسی تێیدا بەدی دەکرا.

وتی "ژوورێکم بینی کە بە تەواوی یەکگرتوو بوو."

دۆناڵد ترەمپ وتی داوا لە ئەمەریکاییەکان بکەن ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن.

وتیشی ئامانجی تەقەکەرانی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، تێکدانی دەستووری ئەمەریکا بوو.

سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەو تەقەکردنە پەیوەندی بە شەڕی ئێرانەوە هەیە، وتی "پێموانییە." وتیشی "کەس چوزانێت، لێکۆڵینەوەکان ئەوە یەکلایی دەکەنەوە."

دۆناڵد ترامپ لە وتارەکەیدا دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شەڕی ئێران وتی "ململانێ لەگەڵ ئێران بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی پێویستە.چوونکە ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبوایە، لەسەدا سەد بەکاریان دەهێنا."

دۆناڵد ترەمپ وتی "ئەم ڕووداوە ڕێگریم لێناکات لە سەرکەوتن لە شەڕدا لەگەڵ ئێران."