فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند ڕێگری لە کەشتییەکی بازرگانی سەر بە ئێران کردووە لە دەریای عەرەبیدا و لە ئیستادا کەشتییەکە لە ڕێگەی گەڕانەوەدایە بۆ ئێران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کەشتی ئێم ڤی سێڤوێن یەکێکە لەو 19 کەشتییەی کە بەم دواییە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزا دراوە، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی لە گواستنەوەی ملیارەها دۆلار لە بەرهەمە وزەییەکانی ئێران، لەوانە نەوت و گازی ئەو وڵاتە.
سێنتکۆم نووسیویەتی کەشتییەکە ڕۆژی شەممە بە کۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەشتی مووشەکهاوێژی یو ئێس ئێس پینکنی لە دەریای عەرەبی ڕێگری لێکراوە و ئێستا بە ڕێنمایی هێزەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوامن لە سەپاندنی سزا و گەمارۆدان بەسەر ئەو کەشتیانەی کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان دەردەچن، هەروەها لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ئێستا، ڕێگریان لە 37 کەشتی کردووە.