سه ڕۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دوای ئەوەی گەشتی نوێنەرەکانی بۆ پاکستان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێشنیارێکی باشتریان پێشکەشی ئەمەریکا کردووە.
دۆناڵد ترامپ پێش ئەوەی سواری فڕۆکەی ئەیر فۆرس وان بێت، ئەمەی بە ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و وتی بەڵام ئەو پێشنیارە "بەس نییە".
وتیشی "ئەوان بەڵگەیەکیان پێداین کە دەبوو باشتر بوایە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەم پێشنیارەیان ڕاست دوای ئەوەی گەشتی نوێنەرەکانم هەڵوەشاندەوە، دوای 10خولەک لەوە، ئەوان پێشنیارە نوێکەیان نارد کە زۆر باشتر بوو لەوەی پیشتر."
سەرۆک ترامپ لە وەڵامی ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە وردەکارییەکانی پێشنیارە نوێیەکەی ئێران وتی "زۆر شتیان پێشکەش کرد، بەڵام بەس نەبوو."
ترامپ هەروەها بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی ویتکۆف و کوشنەر و ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانەکان لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەنجام دەدرێن.
هاوکات میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، دوای تەواوکردنی گەشتەکەی بۆ عومان، جارێکی دیکە گەشتی بۆ پاکستان کردووەتەوە.
بە پێی ئاژانسی مێهر-ی ئێران، عەراقچی بەر لە سەفەر بۆ ڕووسیا جارێکی تر سەفەری پاکستانی کردووە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە عەراقچی پێشتر ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانی بەجێهێشتبوو بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی پێشکەوتنی لە دانوستانەکانی ئاشتیدا بەدەستبهێنێت.
دانوستانەکان بە ئامادەبوونی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووبوو.
میدیا ناوخۆییەکانی ئێران نووسیویانە بەشێک لەو شاندەی کە یاوەری وەزیری دەرەوەیان کردووە لە سەفەرەکەیدا بۆ ئیسلام ئاباد، دوای گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد بۆ ڕاوێژ و وەرگرتنی ڕێنمایی پێویست گەڕاونەتەوە تاران و بڕیارە شەوی یەکشەممە دووبارە بگەڕێنەوە لای عەراقچی لە ئیسلام ئاباد.
هاوکات باس لەوە دەکرێت کە عەباس عەراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر و وەزیری دەرەوەی تورکیا بیروڕایان لەبارەی "پرسەکانی پەیوەست بە دیپلۆماسی و ئاگربەست و هەروەها دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە" ئاڵوگۆڕ کردووە.