داواکراوێک لەلایەن ئەمەریکاوە لە کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدار بووە

کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی

ڕۆژی هەینی کۆبنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئۆفیسی شێخ هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئەنجام درا بە مەبەستی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆک وەزیران، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی پێهات.

بە پێی وێنەیەکی کۆبوونەوەکە کە بڵاوکراوەتەوە، وا دەردەکەوێت یەکێک لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە هاشم فنیان ڕەحیم ئەلسەراجی ناسراو بە ئەبو ئالا ئەلوەلائی، ڕێبەر و سکرتێری گشتی کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا بێت.

لە وێنەکەدا ئەبو ئالا ئەلوەلائی بەرامبەر سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، دانیشتووە ئەمەش کەمتر لە 24 کاتژمێر پاش ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاندبوو بۆ زانیاری لەسەر شوێنی ئەو سەرکردەیەی کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا کە لە لیستی تیرۆرستی وەزارەتی دەرەوەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت ئەندامەکانی ئەو گرووپە " خەڵکی سڤیلی عێراقیان کوشتووە و هێرشیان کردووەتە سەر دامودەزگا دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی لەشکری ئەمەریکا و سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا."

وەزارەتەکە داوای کردووە لە پێناو ڕاگرتنی توندوتیژی و هێرش دژ بە دامودەزگا دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا و خەڵکی بێتاوانی سیڤیلی عێراقی زانیاری لەسەر شوێنی ئەم کەسە بنێرن.

کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا، بەشێکە لە حەشدی شەعبی عێراقی و لە ساڵی 2025 لەگەڵ گرووپەکانی نوجەبا، عەسائیب ئەهلەلحەق، کەتیبەکانی حزبوڵا، کەتیبەکانی ئیمام عەلی و بزووتنەوەی ئەنساڕوڵای ئەوفیا، کە هەموویان بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و لە لایەن ئەمەریکا وەک گرووپی تیرۆرستی جیهانی دەستنیشان کرا.