ئێران یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان لەسێدارە دەدات

دەزگای دادپەوەری ئێران رایگەیاند، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 25ی چوار بە کاتی تاران، عێرفان کیانی، یەکێک لەو کەسانەی کە پێشتر لە ناڕەزایەتیەکان لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەک دەستبەسەرکرابوو، لە سێدراە دراوە.

عێرفان کیانی لە خۆپیشاندانەکانی مانگی 12ی ساڵی 2025 کە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی گرانیی هاتبوونە ئاراوە، لە شاری ئێسفەهان دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک تۆمەتی سیخوری خرایە پاڵ.

ئەوین مستەفازادە وتەبێژی رێکخراوی کوردپا، لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند "لە ماوەی چل رۆژی رابردوودا ئێران 19 زیندانی سیاسی لە سێدارە داوە کە 9 کەسیان لە ئەو کەسانە بوون، کە لە ناڕەزایەتیەکان لە دژی گرانی بەشداریان کردبوو."

مستەفازادە کە بەنکەی لە ئەڵمانیایە بە ئاماژەدان بە خێرایی ئەو لەسێدارەدانانە گوتیشی "رەوتی دادگاییەکەکەیان لە نێوان دوو بۆ چوار مانگ بووە کە ئەمە نیگەرانییەکان سەبارەت بە خێرابوونی لەسێدارەدانەکان ئەباتە سەرەوە."

مستەفازادە بە ئاماژە بەوەی لە چوارشەممەوە، کۆماری ئیسلامی هەر رۆژ یەک کەسی لە سێدارە داوە نیگەرانی خۆی لەمەڕ بەردەوام بوونی ئەم رەوتە دەربڕی و گوتی "ئەو شێوازەی کە لە هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەدی کراوە ئەوەیە کە هەرکات ئەو رژێمە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا دەست بە وتووێژ دەکات، لە ناوخۆ دا و بۆ پتەوتر کردنی کۆنترۆڵی خۆی لەسەر کۆمەڵگە، لەسێدارەدانەکان زیاتر ئەکات."

سەرۆک ترامپ چەندین جار هەڕەشەی لە رژێمی کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەست لە لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی خۆی هەڵگرێت.

ڕاپۆرتی ئارەش ساڵح