فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و دەڵێت لەوەتای ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێران لە 28ی مانگی دووی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە 809 هێرشی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەک کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هەرێمەکە لەو ململانێیەدا بێلایەنە.
فەرمانگەکە دەڵێت لە هێرشەکان " 20 شەهید و 123 برینداری لێکەوتووەتەوە، هاوکات سەدان هاووڵاتی زیانی داراییان بەرکەوتووە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "چەندین جار داوا لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا کراوە کە ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە دەستنیشان بکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بەرپرسیاریان بکات و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییە نایاساییانە."
فەرمانگەکە دەڵێت لە کۆی 809 هێرشەکەدا 701 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و 108 هێرشی مووشەکی بووە.
پارێزگای هەولێر زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر کە 477 هێرش بووە 419 هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و 58یش بە مووشەک بووە.
دوای پارێزگای هەولێر، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە کە 235 هێرشی کراوەتەسەر 194 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و 41 هێرشی مووشک.
لە پارێزگای دهۆکیش 29 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە.
لە ناوچەی سۆرانیش 68 هێرش ئەنجام دراوە کە بریتی بوون لە 59 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 9 هێرشی مووشەکی.
بەپێی سەرچاوەکانی تیمی ڕێکخراوی CPTئەمەریکایی، زۆرینەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لەلایەن گورپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدراون. و بەشێکیشی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کراون.