فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا(سێنتکۆم) ڕایگەیاند کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبڵیۆ بوش گەیشتووەتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەییەکە لە زەریای هیندی.
سێنتکۆم ڕۆژی پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک لە کەشتییەکە لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی ئامادەبوونی فڕۆکەهەڵگرەکە لە چوارچێوەی بوونی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکە جێگیرکراوە.
بوونی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی فەرماندەیی سێنتکۆم بۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی و گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانە. کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن لە ئێستادا لە باکووری دەریای عەرەبی و جیراڵد ئاڕ فۆرد لە دەریای سوور جێگیر کراون.
هاوکات هێزی دەریایی تریپوڵی لە دەریای عەرەبیشدا ئامادەن و ژمارەیەک کەشتیی جەنگی دیکەش لە دەریای سوور و دەریای عومان جێگیرکراون.