وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەستپێبکاتەوە و ئامانجی هێرشەکانیش دەستنیشانکراون.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 23ی مانگی چوار لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی " بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمەریکاین و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیش، سەرەتا بە نەهێشتنی بنەماڵەی خامنەیی دەستپێدەکەین کە دەستپێشخەری پلانی لەناوبردنی ئیسرائیل بوون و دواتریش دەچینە سەر لەناوبردنی جێنشی جێنشینەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران."
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئامادەیی سوپای ئیسرائیل لە بەرگریکردن و هێرش کردندا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمجارە هێرشەکە جیاواز و کوشندەتر دەبێت لەجاران.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەروەها هەڕەشەی کرد ئەگەر جارێکی دیکە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەرهەڵبداتەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە دامەزراوەکانی وزە، کارەبا و ژێرخانی ئابووریی ڕێژیمی ئێران لەناو ببات.
ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر کۆماری ئیسلامی. ئەم هێرشانە تواناکانی مووشەکی و ئەتۆمی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ڕژێم و فەرماندەکانی لەناو بردووە.