کۆنترین پەرستگا لە مێژووی جیهاندا دەکەوێتە باکوری کوردستان

لە ناو پەرستگای گردی مەزاران پەیکەرێکی مرۆڤ بە پارێزراوی ماوەتەوە کە بە هێمایەکی گرنگ دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی هێما و بیروباوەڕ و تێگەیشتنی ئاینی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.

شوێنەوارناسان گردی مرازان لە پارێزگای ئورفە بە کۆنترین پەرستگا دادەنێن هەتا ئێستا دۆزرابێتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زنیکەی 11 هەزار و 600 ساڵ لەمەوبەر.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونسکۆ دەڵێت ئەم شوێنەوارە ئامرازێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە شێوازی ژیان و ئاین و تێگەیشتنی مرۆڤەکانی ناوچەکە نزیکەی 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر.

شوێنەوارەکە بۆ یەکەمجار ساڵی 1963 دۆزرایەوە، بەڵام گرنگییەکەی بۆ شوێنەوارناسان هەتا ساڵی 1994 بە نهێنی مایەوە، ئەو کاتەی شوێنەوارناسی ئەڵمانی کڵاوس شمیدت ئەوەی ئاشکراکرد کە پاشماوەکانی شوێنەکە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاوچی-کۆکەرەوەکان.

لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا، دانیشتوانی ناوچەکە ئاماژە دەکەن بەوەی پێش ئەم دۆزینەوەیە، لە کلتوری شوێنەکەدا " گردی مرازان" بە شوێنێکی پیرۆز دانراوە و دارەکانی بۆ نزاکردن بەکار هاتوون.

حاجی ئەحمەد، دانیشتووێکی ناوچەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەگوترێت لە ڕابردوودا دارێکی مەزن لێرە هەبووە، ئەوکات ژن دەهاتن و دەیانگوت دەیانەوێت هیواکانیان بەدی بهێنن. دەهاتن پارچە پەڕۆیان لە دارەکە گرێ دەدان، هیوای بەدیهاتنی ئامانجەکانیان دەخواست."

Your browser doesn’t support HTML5

گردی مرازان لە ناوچەی ئورفە گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت



بە گوێرەی مێژوونووسی کورد مەهرداد عیزەدی، دیاریکردنی ناوچەیەک یاخود دارێک وەک هێمایەک بۆ بەدیهێنانی "مراز" و هیواکان لە ناو کلتوری ئێزیدی و زەردەشتی و کورددا لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و هەتا ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ماوەتەوە.

شوێنەواری گردی مرازان پێکهاتووە لە چەند پایەیەکی شێوە T کە بەرزی هەندێکیان دەگاتە نزیکەی 5 مەتر و نیو، وە بە شێوەیەکی بازنەیی ڕێکخراون. جگە لەم پایانە، کۆمەڵێک بەردی داتاشراو هەن لەسەر شێوەی مرۆڤ و ‌هێمای گیانداری وەک مار، ڕێوی، شێر، دوپشک، ئاسک و ورچ.

ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت هێماکان نیشانەن بۆ ئەوەی مرۆڤی ئەو سەردەمە شوێنەکەی بۆ مەراسیمی ئاینی و بۆنەکانی پەیوەست بە بەخاکسپاردن بەکارهێناوە.

گردی مرازان بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر گڵدا ماوەتەوە، هەتا ساڵی 1995 بەسەرپەرشتی شوێنەوارناسی ئەڵمانی کڵاوس شمیدت پرۆسەی هەڵدانەوەی دەستی پێکرد.

شوێنەوارناسان دەڵێن بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە نزیکەی 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر پەرستگاکە بە گڵ و دار و بەرد و ئێسک و پاشماوەی تر بە ئەنقەست ژێر گڵ خراوە.