ترامپ فەرمانی لەناوبردنی بەلەمەکانی ئێران دەکات کە لە تەنگەی هورمز مین دەچێنن

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ڕایگەیاند فەرمانی بە هێزی دەریایی ئەمەریکا کردووە هەر بەلەمێکی بچووک هەوڵی چاندنی مین لە تەنگەی هورمز بدات، بکرێتە ئامانج و لەناو ببرێت.

ترامپ جەختیشی لەوە کردەوە نابێت هیچ دوودڵییەک لە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانەدا هەبێت. سەرۆک ترامپ هەروەها بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی مین لەو ناوچەیە ڕاگەیاند وتی ئاستی ئەو چالاکییانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ئێستا بە سێ ئەوەندەی جاران ئەنجامدەدرێت.

پەیامەکەی سەرۆک ترامپ:
"من فەرمانم بە هێزی دەریایی ئەمەریکا کردووە تەقە لە هەر بەلەمێک بکەن و لە ناویان ببەن، هەرچەندە بەلەمی بچووکیش بێت کە خەریکی چاندنی مینن لە ناو ئاوەکانی تەنگەی هورمزدا. نابێت هیچ دوودڵییەک لە ئەمجامدانی ئەم فەرمانە هەبێت. سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانمان لە ئێستادا خەریکی پاککردنەوەی گەرووەکەن. لێرەوە فەرمان دەدەم ئەو چالاکییە بەردەوام بێت، بەڵام لە ئاستێکی سێ هێندەی پیشتر!"