وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا: لێخۆشبوون لە سزای سەر نەوتی ئێران و ڕووسیا درێژ دەبێتەوە

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەرامبەر کەمی نەوت کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە دروست بووە، لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا و ئێران بۆ ماوەی 30 ڕۆژی دیکە درێژ دەبێتەوە.

ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو بەسێنت ڕایگەیاندبوو ماوەی 30 ڕۆژەی فرۆشتنی نەوتی ئێران درێژ ناکاتەوە. ئەم لێخۆشبوونە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوتی خاو خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەسێنت ڕایگەیاند ئەم داواکاریانە لەلایەن وەزیرانی دارایی نزیکەی 10 وڵاتەوە لە میانی کۆبوونەوەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی هەفتەی ڕابردوو پێشکەشکراون.

ناوبراو ناوی ئەو وڵاتانەی نەخستەڕوو کە ئەو جۆرە داوایانەیان کردووە، بەڵام وتی ئەم جۆرە میکانیزمانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە سەقامگیرکردنی بازاڕە داراییەکان لە نێوان نائارامییەکانی بەهۆی شەڕەوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن ئێران زیاتر لە 14 ملیار دۆلار سوودمەند بووە لەم لێخۆشبوونانە، ڕاست نین و وتی "ئەفسانە"یە، بەڵام ئامارێکی بەدیلی نەخستەڕوو.