دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند هاووڵاتییەک بە ناوی مەهدی فەرید بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە داوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە جێبەجێ کراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، فەرید تۆمەتبار کراوە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و گواستنەوەی زانیاری هەستیاری ئەمنی.
دەسەڵاتدارانی دادوەری کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکەن مەهدی فەرید لە یەکێک لە دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتدا کاری کردووە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ بریکارەکانی مۆساد پەیوەندی هەبووە.
هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن فەرید بە هۆی کارەکەیەوە هەوڵی گواستنەوەی زانیارییەکانی داوە، لەوانە وردەکارییەکانی دامەزراوەکە، دۆخی ئەمنی و داتای ناسنامەی کارمەندان.
دەشڵێن فەرید "لە کاتی لێکۆڵینەوەی دادوەریدا دانی بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلدا ناوە." بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا باسی کات و ماوەی دەستگیرکردنی فەرید و شوێنی ڕاگرتنی نەکراوە و هیچ وردەکارییەکی سەربەخۆش سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردنەکە، دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەر، یان سروشتی لێکۆڵینەوەکان بڵاونەکراوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە مەهدی فەرید تەمەن 48 ساڵ خەڵکی شاری ئەراک لە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کاری کردووە.
لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئێران ئەم دۆسیەیە بە بەشێک لە سەرکوتکردنی "تۆڕەکانی سیخوڕی و بریکارەکانی دوژمن" ناودێر دەکەن، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان و پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیە ئەمنییەکان دەربڕیوە.