فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە: ئاگربەست لەگەڵ ئێران تەنها 3 بۆ 5 ڕۆژی دیکە دەخایەنێت

ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمەریکا باس لەوە دەکەن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ماوەیەکی دیاریکراوی کاتی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران دەستنیشان کردووە.

فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە ئاگربەستەکە لەگەڵ ئێران تەنیا "لە نێوان سێ بۆ پێنج ڕۆژ" درێژکراوەتەوە.

بڕیاربوو ئاگربەستەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی چوارشەممەدا کۆتایی پێبێت، بەڵام ترامپ ئێوارەی سێشەممە ڕایگەیاند کاتێکی زیاتر دەدات بە ئێران بۆ ئەوەی "پێشنیارێکی یەکگرتوو" پێشکەش بکات بۆ گفتوگۆی زیاتر.


هەروەها دوو سەرچاوە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە سەرۆکی ئەمەریکا کاتێکی سنوورداری بە ئێران داوە بۆ ئەوەی دەرفتیان بداتێ پێشنیارێکی یەکگرتوو پێشکەش بکەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا نایەوێت ئاگربەستەکە تا کاتێکی نادیار درێژبکاتەوە و هاوکات ئامادە نییە دەرفەت بە ئێران بدات بۆ درێژەپێدانی دانوستانەکان.

بەپێی ئەو سەرچاوانە ترامپ دەیەوێت بە زووترین کات ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.