ترامپ بۆ نیویۆرک پۆست: ئەگەری هەیە خولی نوێی دانوستانەکان ئەم هەینییە بەڕێوەبچێت

دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕێژیمی ئێران لەم هەینیەدا دەست پێ بکەنەوە.

نیویۆرک پۆست نووسیویەتی سەرۆک ترامپ و سەرچاوە پاکستانییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە بەو ڕۆژنامەیان ڕاگەیاندووە هەواڵی خۆش هەیە سەبارەت بە خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ڕەنگە هەر لە ڕۆژی هەینیدا بێتە ئاراوە.

هەروەها سەرچاوەکان لە ئیسلام ئاباد باسیان لە پێشکەوتنی هەوڵەکانی نێوەندگیران کردووە و ڕایانگەیاندووە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە "36 بۆ 72 کاتژمێری داهاتوو"دا زیادی کردووە.

ئەم پێشهاتانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ترامپ ڕایگەیاند ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر بدات بە تاران بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک.

سەرۆک ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسی "من فەرمانم بە هێزە سەربازییەکانم داوە بەردەوام بن لە گەمارۆدان و بە تەواوی بە ئامادەیی بمێننەوە لە هەموو ڕوویەکەوە، هەر بۆیەش ئاگربەست درێژ دەکەمەوە تا پێشنیازەکەیان دەخرێتە ڕوو و دانوستانەکان دەگەنە هەر ئەنجامێک."