سوپای ئیسرائیل دەڵیت حزبوڵا هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند حزبوڵا چەند خولەکێک پێش ئێستا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بە ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل هەلداوە کە لە باشووری لوبنان جێگیر بوون.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ڕێگری لێکراوە.

سوپای ئیسرائیل هەر ئەمڕۆ ڕایگەیاند لە ناوچەی ئەلسولکی دوو کەس دەستنیشان کراون کە بە بەزاندنی هێڵی پێشەوەی بەرگری و نزیکبوونەوە لە سەنگەرەکانی هێزەکانی ئیسرائیل، ئاگربەستەکەیان پێشێل کردبوو کە ئەمەش مەترسییەکی دەستبەجێی دروستکردبوو.

ئەو سوپایە وتیشی دواتر دوای ناسینەوە و گەمارۆدان لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو سوپایە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی حزبوڵا و دۆزینەوەی کەرەستەی سەربازی لە باشووری لوبنان بەردەوامە.