سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی.
بنیامین نەتانیاهو لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی یادەوەری قوربانیانی ئیسرائیل بۆ بنەماڵەی ئەو کەسانەی ئازیزانیان لەدەستداوە ڕایگەیاند، "هەرچەندە شەڕی ئێمە لە دژی ڕژێمی ئێران و ئەو گروپانەی کە پشتیوانیان دەکات کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هەڕەشەی ئەوانمان بۆ بوونی ئیسرائیل نەهێشتووە."
نەتانیاهو ڕایگەیاند، "ئێمە وڵاتێکین کە بەردەوام خەبات دەکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆمان."
لە 10ی چوار، ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ڕۆیتەرز لە زاری شەش بەرپرسی سەربازی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند، هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، ستراتیژی وڵاتەکەیان گۆڕیوە و ئیسرائیلیان خستووەتە دۆخێکی نیمچە هەمیشەیی شەڕەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا و ئێران لە ئاگربەستدان، ئیسرائیل تادێت دەست بەسەر خاکی دراوسێکانیدا دەگرێت بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.