سەرۆک ترامپ: ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت سوپای ئەمەریکا زۆر بەهێزتر لە چوار هەفتەی ڕابردوو ئامادەکاری کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی و جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر سەرکردەکانی ئێران ژیر بن، ڕێککەوتن ئەنجام دەدەن."

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی تەلەفزیۆنی سی ئین بی سی ئەمەریکایی ڕایگەیاند، "پێموایە بە ڕێککەوتنێکی مەزنمان دەبێت. پێموایە ئەوان هیچ بژاردەیەکیان نییە، ئێمە هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و سەرکردەکانی ئەوانمان لەناوبردووە."

سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ ڕایگەیاند، "ئێمە بە تەواوی ئامادەین و ئێستا زۆر بەهێزترین لە چوار بۆ پێنج هەفتە لەمەوبەر."

ڕاشیگەیاند، "پێشبینی ئەوە دەکەم بۆردوومان بکەم چونکە پێموایە ئەوە شێوازێکی باشترە لەگەڵیاندا بکرێت. ئێمە ئامادەین شەر دەستپێبکەینەوە."

سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی کوشتنی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕژێم.

دەشڵێت، کوشتنی سەرکردەکانیان "لە لایەنێکەوە شتەکان ئاڵۆز دەکات، بەڵام ئەم سەرکردانەی ئێستا زۆر عەقڵانیترن...ئەمە گۆڕانی ڕژێمەکەیە، گرنگ نییە ناوی چی لێدەنێن، ئەمەش شتێک نییە کە من گوتم دەیکەم بەڵام کردم ئەگەر بە ناڕاستوخۆش بووبێت."

لە چاوپێکەوتنەکەدا پەیامنێری سی ئین بی سی ئاماژە دەکات بەوەی شاندی ئێران بۆ گفتوگۆکان چووەتە پاکستان، ئەمەش لە کاتێکدایە هیچ میدیایەکی فەرمی ئێران هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەم زانیارییەی پشتراست نەکردووەتەوە.

ترامپ لەمبارەوە گوتی، " دوو ڕۆژ لەمەوبەر کاتێک [ئێرانییەکان] گوتیان شاند نانێرین و منیش گوتم دەیانێرن، وەک دەبینن ئەوان هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە ناردنی."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی گەمارۆی ئەمەریکا لەسەر جوڵەی هاتووچۆی کەشتییەکانی پەیوەست بە ئێران لە تەنگەی هورمز و ڕایگەیاند، "ئێمە بەتەواوی کۆنترۆڵی تەنگەکەمان کردووە...نایکەینەوە هەتاوەکو ڕێککەوتنێکمان نەبێت."

ترامپ ڕەتی کردەوە ماوەی ئاگربەست درێژ بکاتەوە چونکە "کاتی زۆرمان نییە."

گوتی بەرپرسانی ئێستای ڕژێم دەتوانن ئێران بکەنەوە بە "وڵاتێکی مەزن" بەو پێیەی خەڵکی ئێران "کەسانی زۆر باشن" بەڵام دەبێت وڵاتێک بێت "لەسەر بنەمای کوشتن و تۆقاندن نەبێت."

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەیاند هێرشکردنە سەر پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران کارێک نییە ئەو ئارەزووی ئەنجامدانی هەبێت، بەڵام دەڵێت کردەیەکی وەها زیان بە ڕژێم دەگەیەنێت چونکە "پردەکان بە مەبەستی گواستنەوەی چەک و مووشەک بەکاردەهێنن."