دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیامێکدا لە لە تروث سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران نووسیویەتی "ئەو ڕێککەوتنەی لە سەردەمی ترامپدا بکرێت، ئاشتی و ئاسایش و ئارامی مسۆگەر دەکات، نەک تەنها بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بۆ ئەورووپا و ئەمەریکا و هەموو شوێنێکی دیکە. ڕێککەوتنێک دەبێت کە هەموو جیهان شانازی پێوە بکات".
سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەیدا بە هێرشکردنە سەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی سەردەمی ئۆباما وتی "ئەو ڕێککەوتنەی ئێمە لەگەڵ ئێراندا دەیکەین زۆر باشتر دەبێت لەو ڕێککەوتننامەیە."
ترامپ وتی "ڕێککەوتنی سەردەمی ئۆباما یەکێک لە خراپترین ڕێککەتنەکان بوو کە تا ئێستا کرابێت. ئەوە ڕێگایەک بوو کە ڕۆیشتن بەرەو چەکی ئەتۆمی مسۆگەر دەکرد. ئەو شتەی کە لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنەدا ڕوونادات و ناتوانێت ڕووبدات کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین."
ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە تەنیا دوو ڕۆژ ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریکا کە ڕۆژی چوارشەممەیە. هەواڵەکان باس لە ڕۆیشتنی شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس جێگری دۆناڵد ترامپ دەکەن بەرەو ئیسلام ئاباد دەکەن، بەڵام تاران دەڵێت هێشتا بڕیاری نەداوە بەشداری لەو دانوستانانە بکات.