لە کاتێکدا ئاگربەست لەگەڵ ئێران تەنها چەند کاتژمێرێکی کەمی ماوە، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی بۆمبارانێکی چڕ بۆ سەر ڕژێمی ئێران دەکات لە ئەگەری ڕازینەبوونی تاران بە ڕادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دەزگای خزمەتگوزاری پەخشی گشتی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەگەر هەتا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی واشنتن، لە دوای تەواوبوونی وادەی ئاگربەستەکە، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نەکرێت، "ڕێژەیەکی زۆر لە بۆمبیان بۆ هەڵدەدرێت."
سەبارەت بە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە پاکستان و ئەگەری ئامادەنەبوونی شاندی ئێران لە کۆبوونەوەکە، ترامپ گوتی، "چاوەڕوان دەکرێت ئەوان لەوێ بن. ئێمە لەسەر ئەوە ڕێککەوتین لەوێ بین، هەرچەندە ئەوان دەڵێن لەسەر ئەوە ڕێکنەکەوتوین. بەڵام نەخێر، کۆبوونەوەکە بەم شێوەیە دانرابوو. جا ئەوە دەبینین ئاخۆ لەوێ ئامادە دەبن یان نا. ئەگەر لەوێ نەبن، ئەوەش کێشە نییە لای ئێمە."
سەبارەت بە داواکاری ئەمەریکا لە ڕژێمی ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. زۆر سادەیە. ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. زۆر سادەیە."
هاوکات سەرۆک ترامپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروسدا ڕایگەیاند، "ئەگەر بەرپرسانی نوێی ئێران (دوای گۆڕانی ڕژێم) ژیر بن، ئێران دەکرێت داهاتووێکی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی هەبێت."
ترامپ ئەو هەواڵانەی بە چەواشەکاری ناوبرد کە دەڵێن ئیسرائیل ئەوی ڕازی کردووە بە هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵکو دەڵێت هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر ئەو بۆچوونەی ئەویان بەهێزتر کرد کە "هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی."