ترامپ: ڤانس و شاندەکەی ئەمەریکا لە ڕێگای ئیسلام ئابادن بۆ گفتوگۆکردن

لە کاتێکدا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەنیازی بەشداری لە هیچ دانوستانێکدا نین، سەرۆکی ئەمەریکا باس لەوە دەکات کە شاندی باڵای وڵاتەکەی لە چەند کاتژمێرێکی تر دەگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست ڕۆژی دووشەممە لە زاری دۆناڵد ترامپەوە بڵاویکردوەتەوە شاندێکی پلە باڵای ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس و لە نێویاندا ستیف ویتکۆف و جەرێد کوشنەر بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوتوون بۆ خولێکی دیکەی وتووێژ لەگەڵ تاران.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران گەمارۆدانی هێزی دەریایی ئەمەریکایان بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی فارس بە "پێشێلکردنی ئاگربەست" ناوبردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ پلانێکیان نییە بۆ بەشداریکردن لە خولی دووەمی وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاندووە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا لە ئەمریکایە و بەرەو پاکستان بەڕێنەکەوتووە، چونکە ئاسۆی قۆناغی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕوون نییە.

ترامپ ڕۆژێک پێشتر جارێکی تر هەڕەشەی کردبوو ئەگەر ئەم خولەی دانوستانەکان، ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەست نەهێنێت، دووبارە وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانەکانی ئێران دەکرێنە ئامانج.