ژنێکی ئێرانی بە تۆمەتی فرۆشتنی چەکی ئێران بە سودان لە ئەمەریکا دەستگیر دەکرێت

داواکاری گشتی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆس ئەنجڵس بە تۆمەتی بە قاچاخ بردنی چەک بۆ سودان بەناوی تارانەوە دەستبەسەر کراوە.

بیڵ ئێسەیڵی، داواکاری گشتی دەڵێت شەمیم مافی تەمەن 44 ساڵ تۆمەتبارە بە دەڵاڵی کردن لە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆمب و ملیۆنان گولەی دروستکراوی ئێران بە سودان.

مافی دانیشتووی شاری وودڵەند هیڵزە کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری لۆس ئەنجڵس و هاووڵاتییەکی ئێرانییە کە لە ساڵی 2016 مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەمەریکای وەرگرتووە.

مافی ڕۆژی شەممە دەستبەسەر کراوە و ئەگەر تاوانبار بکرێت، دەتوانێت تا 20 ساڵ زیندانی بکرێت.

نووسینگەی داواکاری گشتی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، شەمیم مافی مامەڵەکانی لەگەڵ کۆمپانیایەک بە ناوی ئەتڵەس ئینتەرناشناڵ بزنس کە لە عومان تۆمارکراوە، ئەنجامداوە و بە ئەنقەست لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە لە تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوەی بردووە.

بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتی ئەمەریکا، پێداچوونەوەیەک بە تۆمارە تەلەفۆنییەکانی شەمیم مافی نیشانی دەدات ناوبراو لە ساڵی 2022 تا 2025 ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی هەبووە و لە گرێبەستێکی 70 ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 55 هەزار فیوزی بۆمب و هەزاران گولە بە سودان دەستی هەبووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2020دا، حکومەتی ئێران دەست بەسەر ئەو سەروەت و سامانەدا گرتووە کە لە باوکی شەمیم مافی بە میرات ماوەتەوە، دواتر وەزارەتی ئیتلاعات پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو سەروەت و سامانە لە حکومەتی ئێران بکڕێتەوە ئەمەش بە دامەزراندنی کۆمپانیایەک لە ئەمەریکا.