فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی

دیمەنێکی کەشتی بارهەڵگری توسکا کە ئاڵای ئێرانی لەسەرە لە کاتێکدا کەشتی یو ئێس ئێس سپروئنس (DDG 111) لە شوێنێکدا کە بە باکووری دەریای عەرەبی دیاری کراوە، شوێنی کەوتووە.

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی لە دەریای عومان کراوەتە ئامانج و دەستی بەسەردا گیراوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکۆم هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وردەکارییەکانی لەو بارەوە خستەڕوو.

سێنتکۆم نووسیویەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەریای عەرەبی، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی، کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانیان ڕاگرت کە بەرەو بەندەرێکی ئێران دەڕۆیشت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای دەرکردنی چەندین هۆشداری لە ماوەی شەش کاتژمێردا، کەشتییەکە پابەند نەبووە بە فەرمانەکانی ئەمەریکا و لە کۆتاییدا تەقەی لێکراوە.

بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا "هێزەکانی ئەمەریکا چەندین جار هۆشدارییان داوە و ئاگاداریان کردووەتەوە کە کەشتییە ئێرانییەکە گەمارۆی ئەمەریکای پێشێل دەکات، دوای ئەوەی تیمی کەشتی توسکا بۆ ماوەی شەش سەعات گوێیان لە هۆشدارییە دووبارەبووەکان نەدا، کەشتی سپروئنس فەرمانی بە کەشتییەکە داوە ژووری ماتۆڕەکەی چۆڵ بکات و تەقەی لێکردووە و بزوێنەری کەشتی توسکای لەکار خستووە."

لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە یەکەی 31ی گەشتیاری دەریایی سواری کەشتییەکە بوون و کەشتییەکە تا ئێستاش لە ژێر دەستی ئەمەریکادایە.