دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزی دەریایی وڵاتەکەی دوای وەستاندنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی لە دەریای عومان کۆنترۆڵی کەشتییەکەی کردووە. ترامپ دەڵیت کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەڵدەکردبوو، دوای ئەوەی هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکای پشتگوێ خستووە، تەقەی لێکراوە.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە هەژماری خۆی لە تروث نووسیویەتی "ئەمڕۆ کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی توسکا کە ئاڵای ئێرانی لەسەر بووە و درێژییەکەی نزیکەی 900 پێیە و کێشی نزیکەی هەمان کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر بووە، هەوڵیداوە گەمارۆی دەریاییمان بشکێنێت و ئەمەش بۆی نەچووەتە سەر."
ترامپ وتی "کەشتی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا یو ئێس ئێس سپروئنس، شوێنی کەشتییەکە کەوتووە و لە دەریای عوماندا بەری پێ گرتووە و هۆشداریان پێداوە بوەستێت."
وتیشی "بەڵام تیمە ئێرانییەکان پابەند نەبوون، بۆیە هێزەکانی ئێمە کەشتییەکەیان بە کون کردنی ژووری ماتۆڕەکەی، بە تەواوی ڕاگرتووە."
سەرۆک ترامپ وتی ئێستا هێزی دەریایی ئەمەریکا کۆنترۆڵی کەشتییەکەیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد "کەشتی توسکا بەهۆی پێشینەی چالاکی نایاسایی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، ئێمە کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر کەشتییەکەدا هەیە و پشکنین بۆ بارەکانی دەکەین!"