سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانی ئەی بی سی نیوز ڕایگەیاند جێگرەکەی جەی دی ڤانس سەرکردایەتی شاندی ئەمەریکا ناکات بۆ دانوستانی نوێ لەگەڵ ئێران لە پاکستان. بەڵام دواتر هەمان ڕۆژنامەوان لە زاری گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند ڤانس بەشێکە لە شاندی ئەمەریکا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر بۆ گفتوگۆکان.
جاناتان کارڵ لە کەناڵی ئەی بی سی نیوزی لە هەژماری خۆی لەسەر ئێکس لەزاری گوتەبێژی کۆشی سپییەوە نووسیویەتی" ڤانس لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر دەچێتە پاکستان بۆ دانوستانەکانی ئێران."
ئەمەش لەکاتێکدایە پیش ئەم پۆستە بڵاویکردبووە "هەر ئێستا سەرۆک ترامپ بە منی ڕاگەیاندووە ڤانس ناچێتە ئیسلام ئاباد."
ئەو ڕۆژنامەوانە نووسیبووی ترامپ پێی وتووە جەی دی ڤانس زۆر باشە، بەڵام دەزگای نهێنی ناتوانێت بە شێوەی 24 کاتژمێر کار بکات و بۆیە تەنیا لەبەر هۆکاری ئەمنی ئامادە نابێت.
هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە کە "دۆخەکە گۆڕاوە" و ڤانس دەچێتە پاکستان.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە لە خولی یەکەمی وتووێژەکاندا سەرکردایەتی شاندی ئەمەریکای کرد، لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی شاندی ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆبووەوە.
چەند کاتژمێرێک پێشتر، مایک واڵتز، نوێنەری ئەمەریکاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کریس ڕایت، وەزیری وزەی وڵاتەکەش ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ڤانس سەرکردایەتی ئەم خولەی دانوستانەکان دەکات لە پاکستان کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات.