ترامپ: ئێران ناتوانێت بە داخستنی تەنگەی هورمز سەرانەمان لێ وەربگرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ئێران ڕایگەیاند جارێکی دیکە تەنگەی هورمزی داخستووە، هوشداری دایە تاران وتی ناتوانن لە ئێمە سەرانە وەرگرن.

ترامپ لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیدا وتی "ئێمە لە گفتگۆداین لەگەڵیان. ئەوان دەیانویست جارێکی دیکە تەنگەی هورمز دابخەنەوە، وەک چۆن ساڵانێکە دەیکەن. ئەوان ناتوانن لەم رێگەیەوە سەرانە لە ئێمە وەرگرن."

سەرۆک ترامپ جارێکی دیکە ئاماژەی بە لەناوبردنی پێکهاتەی سەربازی و ڕێبەرانی ئێران کرد و وتی "لە درەنگانی ئەمڕۆدا لەسەر ئێران زانیاری بڵاودەکرێتەوە و ئێمە هەڵوێستێکی توندمان گرتووەتەبەر."

لە کاتێکدا کە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامە، سوپای پاسداران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕایانگەیاندووە تەنگەی هورمز کە ڕۆژی شەممە چەند کاتژمێرێک کراوە بوو، جارێکی دیکە داخراوە.

هەروەها هەواڵی تەقەکردنی سوپای پاسداران لە دوو کەشتی کە هەوڵی تێپەڕینیان بە تەنگەی هورمزدا داوە، بڵاو کرایەوە.