دوای هێرشە درەونی و موشەکییەکەی رۆژی 17ی مانگی چوار بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وگیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە ئەندامی ئەو حزبە، ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژە بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دوایانە بۆ سەر کەمپەکانی ئەو حزبە، ئەو رێککەووتنەی"پێشێل" کردووە و دەڵێت "بەمجۆرە ئێمەش بەرگریی ڕەوا بە مافی خۆمان دەزانین".
کاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند "حزبی دیموکرات قەد بەشێک نەبووە لە شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڵام ئەوان بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر ئێمە و بۆیە چیدیکە ئەم هیرشانە قبوڵ ناکەین و بە هەرشێوازێک کە بە گونجاوی بزانین بەرپرچیان دەدەینەوە وەکوو چۆن پێشتریش ئەم کارەمان کردووە."
بەهرامی وێڕای ئاماژە بەوەی کە شەڕی ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شەڕی مافی نەتەوەیی گەلی کوردە و جیاوازە لە شەڕی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران وتی، "بۆ بەرپرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران هەموو بژاردەکان لەوانە بژاردەی پێشمەرگانە لەسەر مێزن."
لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی "پێشێل" کردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، بەهرامی وتی هەتا ئێستا ئێمە وەکوو رێزێک بۆ داواکارییەکانی بەرپرسانی عێراقی، "بە مەرجێک کە ئێرانیش پابەند بێت، ئێمەش پابەندی ئەو رێککەوتنە بووین" بەڵام ئێران ئەو رێککەوتنەی خستووەتە ژێر پێ و ئێمەش چیدیکە ئەو داواکاریانە بۆ راگرتنی چالاکی سەربازی لەبەرچاوناگرین و ناتوانین وەڵامی ئەو داواکارییانە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانمان بە ئەرینی بدەینەوە و کاری خۆمان دەکەین.