سێنتکۆم جەخت لەسەر بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی دژی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سێنتکۆم، جارێکی دیکە جەخت لە درێژەی گەمارۆی دەریایی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە.

سێنتکۆم ڕۆژی شەممە 18ی مانگی چوارلە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کەشتی یو ئێس ئێس کانبێرا USS Canberra (LCS-30) لە کاتی گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە لە دەریای عەرەبیدا چالاکی دەکات.

لەم پەیامەدا کە لەگەڵ وێنەیەکی کەشتییەکە بڵاوکراوەتەوە، سێنتکۆم ڕایگەیاندووە لەوەتای گەمارۆکە دەستی پێکردووە، 23 کەشتی فەرمانی هێزەکانی ئەمەریکایان پەیڕەو کردووە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە "هێزەکانی ئەمەریکا گەمارۆی دەریایی لە دژی ئەو کەشتیانەی کە دەچنە ناو بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێرانەوە یان دەردەچن، جێبەجێ دەکەن."

سێنتکۆم هەروەها ڕۆژی شەممە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وێنەی کۆپتەرەکانی H-64 ئەپاچی بڵاوکردەوە کە لە ڕۆژی هەینی 17ی مانگی چوار لە تەنگەی هورمز خەریکی ئەنجامدانی ئەرکەکەیانن.

لە پەیامەکەدا هاتووە "سەربازانی ئەمەریکا لە ناو تەنگەکە و دەوروبەریدا دەفڕن و ئامادەیییەکی دیاریان هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادی کەشتیوانی".