ماکرۆن کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە پشتڕاست دەکاتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند لە هێرشێکدا سەربازێکی فەرەنسی لە باشووری لوبنان کوژراوە و ئاماژەی بەوەشکرد بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی بەردەست، حزبوڵا بەرپرسی هێرشەکە بووە.

ماکرۆن دەڵێت "سەربازێکی فەرەنسی کە بەشێک بوو لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کە لە باشووری لوبنان جێگیر بوون، کوژراوە و ⁠بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە گروپی چەکداری حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەرپرسیار بووە لە هێرشەکە."

هیزەکانی یونیفیلی فەرەنسا ڕۆژی شەممە لە کاتی پاککردنەوەی تەقەمەنییەکاندا کرانە ئامانج و جگە لە کوژرانی ئەو سەربازە، سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

ماکرۆن لە پۆستێکیدا لە سەر ئێکس نووسیویەتی "داوام لە حکومەتی لوبنان کرد بەرامبەر تاوانبارنی ئەم ڕووداوە هەنگاو بگرنە بەر."

لوبنان و ئیسرائیل لە ئاگربەستێکی هەستیاردان. فەرەنسا ئامادەی دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات نەبوو کە لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو. ئاگربەستەکە بە مەرجی چەکداماڵینی حزبوڵا بووە.