تەقەکردن لە تەنگەی هورمز ڕوودەدات

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاسایشی دەریایی و کەشتیوانی ڕایدەگەیەنێت لانیکەم دوو کەشتی بازرگانی ڕایانگەیاندووە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا، ڕۆژی شەممە کەوتوونەتە بەر تەقە.

تا ئێستا ڕادەی زیانەکان یان کاریگەری تەقەکردنەکە لەسەر کەشتییەکان ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بازرگانییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتیان پێگەیشتووە لە دووری 20 میل دەریایی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی عومان کە باس لەوە دەکات بەلەمەکانی خێرای سوپای پاسداران تەقەیان لە نەوتهەڵگرێک کردووە، بەڵام نەوتهەڵگرەکە و تیمەکەی سەلامەتن.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاپتنی نەوتهەڵگرەکە ڕایگەیاندووە، دوو بەلەمی خێرای سوپای پاسداران تەقەیان لێ کردوون.

هاوکات ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵی تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە هێزی دەریایی ئێران ئامادەیە بۆ ئەوەی 'شکستی تاڵی نوێ' بەسەر دوژمنەکاندا بسەپێنێت.