دوابەدوای چڕبوونەوەی هێرشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نیگەرانی خۆیان لە بەردەوامی ئەم هێرشانە و لێکەوتە مرۆییەکانیان دەردەبڕن.
محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەم هێرشانە ڕۆژانە لە لایەن ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتەوە ئەنجام دەدرێن" و دەشڵێت "وا دیارە کورد لە پڕۆسەی دانوستان و سازشی نێوان ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە بووەتە قوربانی و خاڵی ڕێککەوتن بۆ ئەو لایەنانە."
قادری بە ئاماژەدان بە ڕادەی زیانەکان ڕایگەیاند دەیان ماڵی مەدەنی بە مووشەک کراونەتە ئامانج و بە سەدان خێزان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە باشوور ئاوارە بوون. ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها ڕەخنەی لە بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و وڵاتانی دەرەوە سەبارەت بەم هێرشانە گرت.
قادری وتی "هەرچەندە ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق بێدەنگ بووە لە بەرامبەر ئەم کارانەدا و سەرکۆنەی نەکردوون."
هەر لەم پێوەندییەدا هیوا بەهرامی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەست وڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران نابێت لەسەر حەسێبی بە قوربانی کردنی کورد کۆتایی بێت. ناوبراو داوای هەڵوێستی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی کرد بەرامبەر ئەم هێڕشانە.
بەهرامی هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە حیزب مافی خۆیەتی وەک بەرگری لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە و دامودەزگاکانی خۆی وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.
بە وتەی کاربەدەستانی حیزب، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کورد مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هێرشانە لە سروشتدا "سیستەماتیک و ئایدۆلۆژی"یە و زۆر پێش ئەم شەڕەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە.
بە پێی هەواڵەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران پاشنیوەڕۆی هەینی 17ی مانگی چوار شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی ئەو حیزبە دەستپێکرد و لە یەکێک لەو هێرشانەدا شاهین ئازەربەرزین کوژرا و باوکیشی بە ناوی نادر ئازەربەرزین بە قورسی بریندار بوو.
لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر گروپێک لە هێزەکانی پێشمەرگە، دوو ئەندامی ژنی ئەو هێزانە بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵایاری گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.