بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "هێشتا هەندێک ناکۆکی بەرچاو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بێت لە نێوان تاران و واشنتن ماون."
ئەم بەرپرسە کە ناوەکەی نەهێنراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کردنەوەی تەنگەی هورمز مەرجدارە بە پابەندبوونی ئەمەریکا بە مەرجەکانی ئاگربەستەوە.
بەرپرسەکەی ئێران ڕایگەیاندووە "هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر وردەکارییەکانی بابەتە ناوەکییەکان بەدەست نەهاتووە و پێویستە دانوستانێکی ڕژد بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەکرێت ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بکرێت و ڕەنگە ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە."
وتیشی "ڕێککەوتنێکی پێشوەختەی لەو شێوەیە دەتوانێت بوار بۆ دانوستان لەسەر هەڵگرتنی سزاکان و دەستەبەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ دروست بکات."
بەرپرسە ئێرانییەکە وتی "لە بەرامبەردا، ئێران کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا دەکاتەوە سەبارەت بە سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ناوەکییەکەی."