مەسرور بارزانی سوپاسی ئەمەریکا دەکات و داوای پاراستنی ژێرخانی وزەی هەرێم دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا گفتوگۆیان کردووە لەسەر هاوکاری نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کردووە بۆ هەرێمی کوردستان.

دەگ بۆرگەم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی باڵادەستی وزەیە لە ئەمەریکا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەگ بۆرگەم و مەسرور بارزانی ئەمڕۆ هەینی 4 پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وزە و ڕۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزەی هەرێمی کوردستان.

دەگ بۆرگەم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، و خێزانەکەی کاسرن بۆرگەم، لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ سەرۆک ترامپ ڕۆژی 31ی یەکی 2025 لە کۆشکی سپی دەردەکەون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا."

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت هەردوو لا بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد و "وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی."