سەرۆک ترامپ: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزن و درەوشاوەیە بۆ جیهان

سەرۆک دۆناڵد ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمەریکا هەموو "تۆزی" ئەتۆمی ئێران بەدەست دەهێنێت و دەڵێت "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزن و درەوشاوەیە بۆ جیهان." هەروەها دەڵێت ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە "قەدەغەکراوە" هێرشی زیاتر بۆ سەر لوبنان ئەنجام بدات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروسدا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا هەموو "تۆزی" ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت، ئەمەش لە ڕێگەی فڕۆکە بۆمبییە مەزنەکانی B2ـمانەوە بەدی هاتووە."

سەرۆک ترامپ هەروەها نوسیویەتی، "هیچ پارەیەک بە هیچ شێوە و فۆرمێک دەست گۆڕینەوە ناکات." ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە ئیدارەی سەرۆک ترامپ لە بەرامبەر وەرگرتنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران، تاوتوێی ناردنی 20 ملیار دۆلار بۆ ئێران دەکات.

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئێران، بە هاوکاری ئەمەریکا، هەموو مینەکانی دەریای لابردووە و ئەوەشی کە ماونەتەوە لایاندەبات.

دەڵێت، "ئێران ڕەزامەند بووە هەرگیز گەرووی هورمز دانەخاتەوە. هیچی تر وەک چەک دژ بە جیهان بەکار نایەت."

سەبارەت بە شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، سەرۆک ترامپ بەڵێنی "دووبارە مەزنکردنەوەی لوبنان" دەدات و دەڵێت ئەمەریکا ئیسرائیلی لە بەردەوامیدان بە هێرشەکان "قەدەغە" کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "ئەم ڕێککەوتنە بە هیچ شێوەیەک پەیوەست بە لوبنان نییە، بەڵام ئەمەریکا بە جیا لەگەڵ لوبنان کاردەکات و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ دۆخی حزبوڵا دەکات."

ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئیتر ئیسرائیل بۆردومانی لوبنان ناکات. لەلایەن ئەمریکاوە قەدەغە کراون لەو کارە، ئیتر بەسە!!!"

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها سوپاسی "ئازایەتی" و هاوکارییەکانی سعودیە، ئیمارات. قەتەر و پاکستانی کرد.

ترامپ جارێکی تر ڕەخنەی لە ئەندامانی ناتۆ گرت و ڕایگەیاند، "ئێستا کە دۆخی گەرووی هورمز کۆتایی هاتووە، پەیوەندییەکم لە ناتۆوە پێگەیشت کە ئایا پێویستمان بە هەندێک یارمەتی دەبێت؟ پێم وتن دوور بکەونەوە، مەگەر تەنها بیانەوێت بارە کەشتییەکانیان بە نەوت پڕ بکەن. لە کاتی پێویستدا بێ کەڵک بوون، ئەوان پڵنگی کارتۆنین!"