هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە دوای گەمارۆی دەریایی ئێران زیادی کردووە

داتاکانی کەشتیوانی گوزارشت لە زیادبوونی بەرچاوی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لە دوای جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکەن.

دامەزراوی کەیپڵەر کە بەدواداچوون بۆ جوڵەی نەوتهەڵگر و بارهەڵگرەکان لەدەریا دەکات، رایگەیاندووە هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام هێشتا زۆر کەمترە لە سەردەمی پێش داخرانی ئەم تەنگەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

هەروەها داتاکانی کۆمپانیای مارین ئینسایت کە ئەویش بەدواداچوون بۆ هاوتوچووی نەوتهەڵگرەکان دەکات، پیشانی دەدات لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە 20 کەشتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕیون.

شایانی باسە پێش داخرانی تەنگەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕۆژانە نزیکەی 150 کەشتی لەم ڕێڕەوە ئاویە تێدەپەڕین کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەم ژمارەیە بۆ سێ کەشتی دابەزیبوو.

ئەمەریکا لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی دەست پێکرد.

داتاکانی ئەو کۆمپانیانەی بەدواداچوون بۆ هاتوچووی نەوتهەڵگرەکان دەکەن ئەوە پیشان دەدەن کە ئەمەریکا ڕێگری لە تێپەڕینی کەشتییەکانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمز بۆ بازاڕەکانی جیهان کردووە و هیچ کەشتیێکی ئێرانی نەیتوانیوە لەوییوە بۆ بازارەکانی جیهانی تێپەڕێت.

هاوکات کۆمپانیای زانیاریی دەریایی ڵۆیدز لیست-ی بەریتانیا دەڵێت لە کاتی گەمارۆ دەریایییەکەوە، لانیکەم هەشت نەوتکێشی ئێرانی لە دەریای عەمانەوە چووەتە ناو کەنداوی فارس هەر بۆیە پێدەچێت جۆری گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ئەو ڕێنماییانە بێت کە لەسەر وەنزوێلا جێبەجێ کرابوون.