کۆنفرانسێک بە بەشداری 40 وڵات لەسەر تەنگەی هورمز لە پاریس بەڕێوەدەچێت

فەرەنسا و بەریتانیا ڕۆژی هەینی لە پاریس کۆنفرانسێک سەبارەت بە ئاسانکاری هاتوچوی کەشتیوانی و تێپەڕینی ئازادی کەشتیەکان بە تەنگەی هورمزدا بەڕێوەدەبەن. بڕیارە 40 وڵات بەشداری ئەم کۆنفرانسە بکەن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە جەختکردنەوەیە لەسەر پشتیوانی دیپلۆماسی بۆ ئازادی تەواوەتی گەشتکردن لە ڕێڕەوی تەنگەی هورمز و پێویستی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمەریکا و ئێران کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە ململانێی ناوچەی کەنداو هەیە، بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە نەکراون.

سەرۆک ترامپ لە کاردانەوە بە بەشداری نەکردنی هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی لە شەڕی ئێران کە نزیکەی 50 ڕۆژ لەمەوبەر دەستی پێکرد و بووە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، چەندین جار ڕایگەیاندووە ئەمەریکا پێویستی بە گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە نییە و پێویستە وڵاتانی ئەوروپایی خۆیان بیر لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بکەنەوە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بەناو تەنگەی هورمزدا.

بەگوێرەی هەواڵەکان بڕیارە بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە، تاوتوێی پلانێکی فرەنەتەوەیی بکەن بۆ مسۆگەر کردنی تێپەڕبوونی ئازادی کەشتیەکان بەناو تەنگەی هورمزدا.