دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دوایین پەیامی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث داوا لە حزبوڵای لوبنان دەکات لەم دۆخە گرنگ و هەستیارەی ئێستادا ڕێبازێکی بەرپرسیارانە و ئەرێنی بگرێتەبەر و خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدوور بگرێت.
سەرۆک ترامپ ئێوارەی پێنجشەممە لە پەیامەکەیدا لە تروث نووسیویەتی "هیوادارم حزبوڵا لەم قۆناغە گرنگەدا ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی باشی هەبێت، ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوە ساتێکی گەورە دەبێت بۆیان، نابێت چیتر کوشتن ڕووبدات، دواجار دەبێت ئاشتی بەرقەرار بکرێت."
سەرۆکی ئەمەریکا بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، ئەم قۆناغەی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ هەنگاونان بەرەو سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە ناودێر کرد و داوای کرد کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی لوبنان و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند ئاگربەستێکی 10 ڕۆژە لە نێوان هەردوو وڵاتەکە لە ئەمشەوە دەستپێدەکات.
سەرۆک ترامپ لە هەژماری خۆی لە تروث رایگەیاند "هەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ و هەروەها سەرۆکی لوبنان، جۆزێف عەونم بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە بۆ یەکەمین گفتوگۆی مانادار لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لەوەتای ساڵی 1983ەوە کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر بووە. هەردوولا دەیانەوێت ئاشتی ببینن، و باوەڕم وایە ئەوە ڕوودەدات، بە خێرایی!."