نەتانیاهۆ دەڵێت ڕازی بووە بە ئاگربەست بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە لوبنان، ئەمەش بۆ ئەوەی کات بدرێت بە پێشخستنی پلانەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند ڕێککەوتنی ئاشتی دەبێت هەڵوەشاندنەوەی حیزبوڵای سەر بە ئێران لەخۆ بگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.

نەتانیاهۆ وتیشی حزبوڵای لوبنان داوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیلی کردووە بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان بەڵام ڕازی نەبووە لەسەری.

سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نوێی لوبنانەوە چووەتە ناو ناوچەکانی باشووری لوبنانەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ دڵنیایی پێداوە کە سوورە لەسەر درێژەدان بە گەمارۆی دەریایی و هەڵوەشاندنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران.