وەزیری جەنگ بۆ ئێران: نزاتان بۆ دەکەم بە ژیری هەڵسوکەوت بکەن و ڕێککەوتن هەڵبژێرن

وەزیری جەنگی ئەمەریکا دەڵێت سوپای ئەمەریکا ئامادەیە بەهێزتر ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی دەستپێبکاتەوە و داوا لە ڕژێمی ئێران دەکات "بە ژیرانە" هەڵسوکەوت بکەن، بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتی ڕێککەوتنە کە خراوەتە بەر دەمیان .

وەزیری جەنگ پیت هێگسێت ئەمڕۆ ڕایگەیاند، "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، هەرگیز. ئێمە دەتوانین ئەم ئامانجە بەدەست بهێنین، بە ڕێگایەکی ئاشتیانە یان بە ڕێگای سەخت. بۆیە بە ژیری هەڵبژاردنەکەتان ئەنجام بدەن."

هێگسێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە پنتاگۆن بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گوت، "دوعا دەکەم ئەو ڕێککەوتنە هەڵبژێرن کە لە دەستتدایە بۆ باشترکردنی دۆخی وڵاتەکەتان و جیهانیش."

هێگسێت ڕاشیگەیاند، "ئێمە بە هێزێکی زیاتر لە جاران ئامادەین...لەوەش گرنگتر، بە زانیاری هەواڵگری باشتر لە هەر کاتێک ئامادەییمان هەیە...لە کاتێکدا بە جوڵەکانتان خۆتان دەخەنە بەردەم چاودێری وردی ئێمەوە، لەو پەڕی ئامادەییداین بۆ لێدان لەو ژێرخانانەی کە بە هاوبەشی بۆ بواری مەدەنی و سەربازی بەکاریان دەهێنن، ئەمە سەرەڕای لێدان لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازی وزەتان."

وەزیری جەنگ ئاماژەی دا بە گەمارۆ "سەرکەوتووەکەی" ئەمەریکا بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەی تەنگەی هورمز و گوتی وەزارەتی گەنجینە 'ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی ئابووری' بۆ سەر ڕژێمی ڕژێم دەستپێکردووە و "هەتا ئەو کاتەی پێویست بکات" بەردەوام دەبێت.

لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە پاکستان، هێگسێت ئاماژەی دا بەوەی ئەگەر ئێران ڕێککەوتن هەڵبژێرێت، ئەوا "داهاتووێکی خۆشگوزەران" و "پردێکی زێڕینی" لەبەردەم دایە.

بەڵام وەزیری جەنگ هەڕەشەی کرد "ئەگەر ئێران بە خراپی هەڵبژێرێت، لە یەک کاتدا بۆمب و ئابڵوقەیان دەخرێتە سەر."

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا، ئامادەیی سوپای ئەمەریکای ڕاگەیاند بۆ ئەنجامدانی "هێرشی کوشندە" لەو کاتەی فەرمانیان پێ بکرێت.

جەنەڕال کەین هەڕەشەی لە بەرپرسانی ڕژێمی ئێران کرد بەوەی، "ئەگەر پابەندی گەمارۆی سەر کەناراوەکانتان نەبن لە گەرووی هورمز، هێز لە دژتان بەکار دەهێنین."

هاوکات فەرماندەی سێنتکۆم ئەدمیرال براد کوپەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی دا بەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەستیانکردووە بە ئامادەکاری و خۆڕێکخستنەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان.

ئەدمیرال کوپەر ڕایگەیاند، "خۆمان پڕچەک دەکەینەوە، ئامرازەکانمان زیاد دەکەین و ڕێکدەخەینەوە..تاکتیک و ڕێکارەکانمان ڕێکدەخەینەوە. هیچ سوپایەک لە جیهاندا وەک ئێمە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت."