سەرۆک ترامپ دەڵێت سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل دوای 34 ساڵ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەکەن

ترامپ پلانی دانوستانەکانی نێوان سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیلی ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت دانوستانی ڕاستەوخۆ و ئاست بەرزی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە ڕۆژی پێنجشەممە 16ی مانگی چوار بەڕێوەدەچێت.

دۆناڵد ترامپ، لە پۆستێکی کورتدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروث نووسیویەتی "هەوڵدەدەم ژێنگەیەک بۆ هەناسەدان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا دروست بکەم، ماوەیەکی زۆرە بەسەر دوایین دانوستانی ئەم لایەنانە تێدەپەڕێت. نزیکەی 34 ساڵە. سبەی ئەمە ڕوودەدات."

باڵیۆزی لوبنان و ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی بە میوانداری مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە لوبنان کۆبونەوە. کۆشکی سپی دوای کۆبوونەوەکە پلانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی ڕاگەیاند، بەڵام ڕایگەیاند کات و شوێنەکەی دواتر دیاری دەکرێت.

لوبنان لە سێیەم ڕۆژی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێرانەوە تێوەگلاوە لە شەڕەکەدا. ئەوەش دوای هێرشەکانی حزبوڵا بۆ سەر باکوری ئیسرائیل. لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار لوبنانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە لوبنان پێشڕەوییان کردووە.

حیزبوڵای لوبنان کە بە گشتی ئەمەریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانی کردووە، دژایەتی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی کردووە.