پاکستان دەڵێت سعودیەی ئاگادار کردووەتەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران

شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان بەرەبەیانی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە سەردانەکەیدا بۆ ڕیاز، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی لەبارەی هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەمەریکا و ئێران ئاگادار کردووەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی جەختی لەسەر پشتیوانی تەواوی پاکستان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.

شەهباز شەریف دەڵێت "من پابەندبوونی پتەوی پاکستانم دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی بۆ هاندانی ئەمەریکا و ئێران بەرەو ڕێککەوتنێک بە ئامانجی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا."

ناوبراو سوپاسی سعودیە دەکات بۆ پشتگیریکردنی لە هەوڵەکانی پاکستان بۆ ئاشتی.

دوای ئەم کۆبوونەوەیە بووە کە سەرۆکی سوپای پاکستانیش گەشتی بۆ تاران کردووە.

میدیاکانی حکومەتی ئێران ڕایانگەیاند ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، عاسیم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی پلە باڵای سیاسی-ئاسایشی، گەیشتووەتە تاران.

میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند ئەو بەرپرسە باڵای سەربازیییەی پاکستان بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی ئەمەریکا و پلاندانان بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان گەشتی تارانی کردووە.