وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبن

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هۆشداری دەدات کە ئەمەریکا خۆی ئامادە دەکات گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەک زیاد بکات کە لە ڕوی داراییەوە ببێتە هاوتا و هاوشێوەی بۆردومانێکی سەربازی.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردووەتەوە بێسێنت ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی هۆشداریدا لەوەی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەش بە سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو دامەزراوە داراییانەی کە بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکەن.

وەزیری خەزێنە ئەم هەنگاوەی بە هاوتای بۆردومانکردنی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ناوبردووە.

هەروەها هەڕەشەی سزادانی لە کڕیارانی نەوتی ئێران کردووە.

هەروەها ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە "بە وڵاتانمان وتووە ئەگەر نەوتی ئێران بکڕن، ئەگەر پارەی ئێرانتان لە بانکەکانتان هەبێت، ئێستا ئامادەین سزای لاوەکیتان بەسەردا بسەپێنین."

سزای لاوەکی بەو سزانە دەوترێت دەخرێتە سەر ئەو لایەنانە کە سەودا لەگەل لایەنی سزادراوی سەرەکی دەکەن.

گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمەریکاوە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێکرد. پێشتر چین زیاتر لە سەدا 80ی نەوتی ئێرانی لە ڕێگەی نەوتهەڵگرەکانەوە کڕیوە.

بێسێنت وتی"ئێمە پێمان وایە لەگەڵ ئەم گەمارۆ دەریاییە ... کڕینی چین لە ئێران دەوستێت."

هاوکات وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە سزای نوێی بەسەر چەند کۆمپانیا و نەوتهەڵگرێکدا ڕاگەیاند کە بە پلەی یەکەم پەیوەندییان بە تۆڕی ئابووری محەمەد حسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانیەوە هەیە.

بێسێنت ڕایگەیاندووە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێوشوێنی ئابووری بەهێز دەگرێتەبەر بەرامبەر کەسایەتییە دیارەکانی ڕژێمی ئێران لەنێویاندا بنەماڵەی شەمخانی، کە سەروەت و سامان کۆدەکەنەوە و قازانج لەسەر حیسابی خەڵکی ئێران دەکەن.

وتیشی "بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بڕینی داهاتی ئێران لە قاچاخی نایاسایی سووتەمەنی. پێویستە دامەزراوە داراییەکان ئاگادار بن کە خەزێنەی ئەمەریکا تەواوی ئامراز و دەسەڵاتەکانی خۆی، لەوانەش سزا لاوەکییەکان، لە دژی ئەو کەسانە بەکار دەهێنێت کە بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی تاران."

هاوکات کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا هۆشدارییان داوەتە کەشتییە بازرگانییەکانی ناو ئاوەکانی ئێران و دەوروبەری ئێران کە ئامادەن هێز بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن پابەندبن بە گەمارۆی دەریاییەوە.