حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان و ناوەندە حزبییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق شەرمەزار دەکات و ئەمە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن ناو دەبات.
بە گوێرەی بەیاننامەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی چوار چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کەمپێکی مەدەنی سەر بە حیزبەکەیان لە نزیک ناوچەی دێگەڵە لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشە پێنجەمین هێرشی لەو شێوەیە بوو کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بۆ سەر کەمپەکە ئەنجامدراوە.
ڕۆژێک پێشتریش و لە 14ی مانگی چوار شەپۆلێکی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێگەکانی حیزبە کوردییەکانی کردە ئامانج، لەوانە کەمپی ئازادی لە نزیک کویە، کەمپی سەردەشت سەر بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە نزیک شاری سلێمانی و ناوچەکانی خەلیفان و ڕواندز. لەئەنجامی ئەو هێرشانەشدا غەزال مەولان پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران 8ی مانگی چوار بە نێوەندگیری پاکستان لەسەر ئاگربەستی دوو هەفتەیی ڕێککەوتن. بەڵام تەنها چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکە، هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئێران هاوکاتی دانوستانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکا، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەمپی پەنابەران و ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە 28ی مانگی دووی ساڵی 2026ەوە تا ئێستا لانیکەم 112 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سوپای پاسداران لەدژی ئامانجەکانی پەیوەست بە حیزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە کە 96 هێرشیان بۆ سەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.
ئەم هێرشانە نەک هەر ناوەندە حزبییەکان، بەڵکو ئۆردوگا مەدەنییەکان و ژێرخانەکانی وەک قوتابخانە، ناوەندە پزیشکییەکان، کتێبخانە و ماڵە خەڵکی ئاسایی کردووەتە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی بە ئەنقەست پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی چوارەمی ژنێڤ و بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، لەوانەش جیاواز سەیر کردنی ئامانجی سەربازی و مەدەنی کە ئێران پێشێلی کردووە و دەڵێن دەکرێت ئەمە بە تاوانی جەنگ هەژمار بکرێت.
هەروەها ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەسەڵاتی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە ئەو هێرشانە وەک پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لەقەڵەم بدات و هەروەها داوای لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە ئەو بابەتە ببرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەروەها حیزبەکە داوای لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ کردووە کە هێرشەکان سەرکۆنە بکەن و پشتگیری لە لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان بکەن و هەروەها کاردانەوەیان هەبێت سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی ئاگربەست لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی کورد.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە ئاگربەستێک کە هاووڵاتیانی مەدەنی کورد نەپارێزێت، ئاشتی نییە؛ بەڵکو مۆڵەتێکە بۆ درێژەدان بە شەڕ."