ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ ئەو ئاژانسە کردووە، بڵاویکردووەتەوە ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران درێژ دەکرێتەوە.
ئەم چاوەڕوانییە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆی نێودەوڵەتی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی کاتی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە ئیسرائیل پێشبینی درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات، لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیری بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنتر.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند واشنتن هێشتا بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست نەداوە، بەڵام گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە.
هاوکات ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس ئەمڕۆ چوارشەممە بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەمەریکا و ئێران لە دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممەدا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە و لە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە نزیک بوونەتەوە.
پێشتر ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردبووەوە کە هەردوولا لەسەر بنەماکان بۆ کۆبوونەوەی دووەم ڕێککەوتوون، بەڵام هێشتا شوێن و کاتی وردی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.