ئەمەریکا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی دیکە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە لە دوو هەفتەی داهاتوودا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئەمەریکا ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن.

واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی پنتاگۆن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکە دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە کاتێکدا بەڕێوبەرایەتی ترامپ هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتنێک کە دەتوانێت کۆتایی بەو ململانێیە چەند هەفتەیەدا بهێنێت.

ئەو هێزانەی کە ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن بریتین لە نزیکەی شەش هەزار سەرباز لە ناو کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج بوش و چەند کەشتییەکی جەنگی یاوەر و یاریدەر.

بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، چوار هەزار و 200 سەبازی دیکە لە هێزی دەریایی لە ناوچەکە جێگیر بکرێن.

ئەو سەربازانە دەچنە پاڵ ئەو نزیکەی 50 هەزار کەسەی کە پنتاگۆن دەڵێت بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا دەریاوان جەیمس فۆگۆی خانەنشینکراو لە هێزی دەریایی ڕایگەیاندووە "جێگرکردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکە دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران و بژاردەی زیاتر دەداتە سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەمەریکا ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن."

هەروەها کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە فراوانبوونی ئامادەیی سەربازی وتی "ترامپ ژیرانە هەموو بژاردەکانی لەسەر مێزەکە هێشتۆتەوە ئەگەر ئێرانییەکان دەستبەرداری تەماحە ئەتۆمییەکانیان نەبن و نەگەنە ڕێککەوتنێک کە بە دڵی ئەمەریکا بێت."

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای شکستی دانوستانەکانی ئاشتی لە پاکستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند گرنگ نییە کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، چونکە "سوپاکەیان نەماوە. مووشەکەکانیان زۆر کەم بووەتەوە، توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تاڕادەیەکی زۆر نەماوە".