ئەردۆغان ڕادەگەیەنێت لە هەوڵدایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند ئەنکەرە لەهەوڵدایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی و کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی دانوستانەکان.

ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە وتی "لێدوانەکانی هەردوولا دەریدەخەن هەرچەندە دانوستانەکان کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام گەیشتوونەتە بەربەستێک لەسەر پرسی ئەتۆمی."

وتیشی "پێشنیاری پێویست دەکەین و دەستپێشخەری دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و درێژکردنەوەی ئاگربەست و درێژەدان بە دانوستانەکان."

ئەردۆغان بە ئاماژەدان بە گرژییەکان لەسەر تەنگەی هورمز، ئاماژەی بەوەشکرد ڕەنگە کێشە و پرسگەلێکی ئاڵۆز هەبن کە ماوەیەکی زۆرتریان دەوێت بۆ چارەسەرکردن، بەڵام زۆربەیان دەتوانرێت چارەسەربکرێن.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، پاکستان، سعودیە و میسر لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەم هەفتەیەدا گەشت بۆ سعودیە، قەتەر و تورکیا دەکات لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پێشخستنی خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن.

هاوکات ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردووەتەوە نێوەندگران ڕۆژی چوارشەممە نزیکبوونەتەوە لە درێژکردنەوەی ئاگربەستێکی نێوان تاران و واشنتن و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان پێش ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا کۆتایی پێبێت.

دۆناڵد ترامپ هەروەها بە ماڵپەڕی فۆکس بزنسی ڕاگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران "زۆر نزیکە لە کۆتایی هاتنی" و تاران خوازیاری ڕێککەوتنێکە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی ئەمەریکا ڕەنگە لە ماوەیەکی کورتدا ژێرخانە گرنگەکانی ئێران لە نێویشیاندا وێستگەکانی کارەبا لەناوببات.