ترامپ دەڵێت نامەیەکی بۆ سەرۆکی چین نووسیوە کە چەک بە ئێران نەفرۆشێت

U.S. President Donald Trump

سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس بێزنس کە ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی چوار پەخشکرا، ڕایگەیاند نامەیەکی بۆ شی جین پینگ سەرۆکی چین نووسیوە و داوای لێکردووە چەک بە ئێران نەفرۆشێت و دەلیت شی وەڵامی داوەتەوە کە چین ئەو کارە ناکات.

دۆناڵد ترامپ، کە ڕۆژی سێشەممە چاوپێکەوتنەکەی ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوە نەکرد چ کاتێک نامەکان لە نێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ کراون.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث دەڵێت چین زۆر دڵخۆشە بەوەی کە من تەنگەی هورمز بۆ هەمیشە دەکەمەوە و دەڵێت من ئەم کارە بۆ چین و بۆ جیهان دەکەم و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆخێکی لەو شێوەیە دووبارە نابێتەوە.


سەرۆک ترامپ هەروەها لە پۆستەکەیدا دەڵێت چین ڕەزامەندی دەربڕیوە کە چەک بۆ ئێران نەنێرێت. لە درێژەدا نووسیویەتی، شی جین پینگ سەرۆکی چین بڕیارە پێشوازییەکی گەرمی لێبکات کاتێک دوای چەند هەفتەیەکی تر سەردانی وڵاتەکەی دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری نێوانیان "زیرەکانە و زۆر باش" دەڕوات و ئەو ڕێبازەی لە شەڕ بە باشتر زانیوە. بەڵام ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان "زۆر بەتوانان" لە شەڕکردن ئەگەر پێویست بکات.

سەروک ترامپ هەفتەی ڕابردوو هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو وڵاتانەی چەک بە ئێران دەفرۆشن، ڕووبەڕووی گومرگی دەستبەجێی لەسەدا 50 دەبنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا بە فۆکس بێزنشیشی ڕاگەیاندبوو پێشبینی ناکات پێشهاتەکانی بازاڕی نەوتی جیهانی دوای شەڕی ئێران و پێشهاتەکانی پەیوەست بە ڤەنزوێلا کاریگەری لەسەر ڕەوتی دیدارە پلان بۆ داڕێژراوەکەی لەگەڵ شی لە مانگی داهاتوودا هەبێت.

وتیشی "ئەو پێویستی بە نەوتە، ئێمە نەوتمان نییە."