بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر کەمپێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و لە ئاکامدا 3 پێشمەرگە برینداردەبن

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناحیەی سورداشی نزیک پارێزگای سلێمانی.

دوای هێرشەکە ئەمجەد حسێن پەناهی یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێرشەکە لە ڕێگەی یەک درۆنەوە لە جۆری شاهید کراوەتە سەر کەمپەکەمان لە سورداش، بە جۆری درۆنەکەدا دەردەکەوێت کە هێرشەکە ئێران ئەنجامی دابێت."

وتیشی،" بەهۆی هێرشەکەوە 3 پێشمەرگە برینداربوون و برینی دووانیان قورسە."

هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کۆمەڵە ڕانەگەیاندووە.

هەرچەندە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا ئیسرائیل و ئێران، هێرشە درۆنیەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کەم بوونەتەوە، بەڵام ئێران بە فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم نەمێنن.

بە پێی ئامارەکان لە ماوەی چل ڕۆژ هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئێران و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی زیاتر لە 600 هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش بە لایەنی کەم 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەو بەشێک نییە لەو شەڕە و هەوڵێکی زۆریشی داوە هەتا هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێم ڕابگیرێت.