ڕۆیتەرز: پێدەچێت شاندی ئەمەریکا و ئێران بگەڕێنەوە بۆ ئیسلام ئاباد

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە ڕەنگە لەم هەفتەیەدا تیمە دانوستانکارەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.

ئاژانسه هەواڵییەکە ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی چوار نووسیویەتی ئەم ئەگەرە دوای ئەوە دێت کە دانوستانە ئاست بەرزەکانی نێوان هەردوو وڵات لە پاکستان بەبێ ئەنجام کۆتاییان هات.

پێشتر ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دیپلۆماتکارێک کە بنکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ڕاپۆرتی دابوو کە دانوستانەکانی نێوان نێوندگیرەکان و ئەمەریکاییەکان لەو کاتەوەی کە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ئیسلام ئابادی بەجێهێشتووە، بەردەوام بووە.

ئاژانسە هەواڵییەکە ئاماژەی بەوە کردبوو پاکستان لەو ماوەیەدا پەیامی له نێوان تاران و واشنتن ئاڵوگۆڕ کردووه .

هەروەها بە گوێرەی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە کراوە پاکستان دەتوانێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەست میوانداری خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بکات.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی داوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەکات و جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس-یش ڕایگەیاندووە لە دانوستانەکان پێشکەوتنی زۆرمان هەبووە.