ئەکسیۆس: نێوەندگیران لەهەوڵدان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک و بەرپرسێکی ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە پاکستان و میسر و تورکیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

ئەکسیۆس جەختی لەوە کردووەتەوە هەموو لایەنەکان هێشتا پێیان وایە کە ڕێککەوتن مومکینە و دەکرێت ڕووبدات.

نێوەندگیران هیوادارن کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان بتوانێت ڕێگە بە خولێکی دیکەی گفتوگۆکان بدات پێش ئەوەی ئاگربەستەکە لە 21ی مانگی چوار کۆتایی پێبێت.

سەرچاوەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە ئەگەر گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا ڕێڕەوی کۆماری ئیسلامی نەگۆڕێت، ترامپ بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەکاتەوە.

دەکرێت ئامانجەکانی هێرشەکان ژێرخانی گرینگ لەخۆ بگرێت کە ترامپ پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەڕەشەی هێرش کردنە سەر کردبوو.

سەرچاوەیەکی ناوچەیی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە "ئێمە لە چەقبەستوویی تەواودا نین. هێشتا دەرگاکان دانەخراون، هەردوولا خەریکی مامەڵەکردنن و ئەمە بازاڕە."

هەر لەو پێوەندییەدا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوتا سعودییەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان، ڕۆژی دووشەممە 13ی مانگی چوار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێداچوونەوەیان بە "دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد" کردووە.

هەروەها هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ئەگەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دانوستانەکاندا بە شێوەی "هەموو یان هیچ" وروژێنرێت، ئەگەری دروستبوونی کێشەی جددی هەیە.

فیدان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە بۆچوونی خۆی هیچ کێشەیەکی مەبدەئی لە کردنەوەی و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لە ڕێگەی دانوستانەوە نییە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا لە کاتی دانوستانەکاندا ڕێسای نوێ پێشنیار دەکرێت یان نا.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە "میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز" جێبەجێ بکرێت و پارەی ئەو کەشتییانە وەربگیرێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.

ئەمەریکا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیارە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران دەست پێبکات.