سەرۆک ترامپ دەڵێت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی مێزی دانوستانیان بەجێنەهێشتووە و دەگەڕێنەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە کەمێک دوای ئەوەی لە تروث ڕایگەیاند فەرمانی داوە دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز دەست پێبکات،بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند ئەم کارە ماوەیەک دەخایەنێت.

دۆناڵد ترامپ هەروەها وردەکاری زیاتری سەبارەت بەم هەنگاوە خستەڕوو و وتی "ئێمە بڕیارە گەمارۆی تەواوەتی تەنگەی هورمز بدەین، ئێمە ناهێڵین ئێران پارە بەدەستبهێنێت لە فرۆشتنی نەوت بەو کەسانەی کە حەزی لێیانە. ئەمە یان بۆ هەموو کەسێک دەبێت یان بۆ هیچ کەسێک. ئێوە بینیتان ئەوەی ئێمە لەگەڵ ڤەنزوێلا کردمان. شتێکی هاوشێوە دەبێت، بەڵام لە ئاستێکی بەرزتردا."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە ئەو گەمارۆیە دەکرد کە ساڵی ڕابردوو هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا سەپاندبووی کە دواجار لە ئەنجامدا هێرشی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و دەستگیرکردن و گواستنەوەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ بۆ ئەمەریکای لێکەوتووە.

سەرۆک ترامپ هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند وڵاتانی دیکەش بڕیارە هاوکار بن لە پڕۆسەی پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مینە دەریاییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە چێنراون.

وتیشی "ئێمە لەوێ پاککەرەوەی مینمان هەیە. ئێستا ئامێری مین پاککەرەوەی ژێر ئاوی زۆر پێشکەوتوومان هەیە، نوێترین و گەورەترینە. هەروەها خەریکی ناردنی ئامێری مین پاککەرەوەی جۆرەی کۆنیشین وە ئەوەندەی من بزانم ئێستا ناتۆ دەیەوێت هاوکاربێت لە دۆسیەی تەنگەی هورمز و پێم وایە زۆرێک لە وڵاتان لەم بوارەدا هاوکاریمان دەکەن.بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەش بە هەمان شێوە ئامێری پاککەرەوەی مین دەنێرن."

دۆناڵد ترامپ بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، "بەرپرسانی ئێران مێزی دانوستانیان بەجێنەهێشتووە و پێشبینی دەکەم بگەڕێنەوە و هەرچیمان بوێت پێشکەشمان بکەن."

سەرۆک ترامپ هەروەها دووبارە هەڕەشەی لەناوبردنی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێرانی کردەوە و وتی "دەتوانم ئێران لە یەک ڕۆژدا لەناو ببەم... دەتوانم هەموو وزەکەیان، هەموو شتێک، هەموو وێستگەکانیان، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباکەیان کە شتێکی گەورەیە، لەناو ببەم."

وتی"پۆستێک لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە لەناوچوونی شارستانیەتی ئێران، ئەوانی گەیاندە سەر مێزی دانوستان و وتیشی زۆر گرنگە هەردوولا بەردەوام بن بە پابەندبوونیان بە ئاگربەستەکەوە."